شاعیر: حافزی مەهابادی
کتێب: دیاری مەهاباد
سەرناو: جێی لە چوار قوڕنەی دونیا پێ تەنگە
لەبارەی شیعر: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی - دیاری مەهاباد، چاپی سێیەم، ساڵی١٣٨٦، لاپەڕە ‌٥٩.

جێی لە چوار قوڕنەی دونیا پێ تەنگە
مام سامیش دەڵێ نامەوێ نەنگە

بزانە باران چۆن دێ بەرەو خوار 
خۆی پێ هەژارە، بێ فیز و دەمار 

دەکەوێتە دەم گیانداری بەحران 
دەبێ بە دوڕی قیمەتی و گران 

شەونم لە سەر گوڵ دەنیشێ تاوێ
بەرز ئەبێتەوە بە تینی تاوێ

فڕی سوار دەبی کە چوو بۆ حەوا
زوو لە ناو دەچێ و دەبێ بە هەوا

با بێینەوە سەر پەندەکانی زوو
وایان فەرمووە سەردەمی پێشوو: 

گورگێ بەسە بۆ قڕانی کۆزێ
ئابڕووی هۆزێ دەبا ڕەش‌بۆزێ

هەر قافڵەیەک پێشەنگی کەر بێ
بێ گومان دەبێ تووشی زەرەر بێ

لە دەرکی کەست هێنابێ تەقە
دەرکت دەدرێتە بەر مست و لەقە